بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە

سەرۆکی یەکێتی، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات و  و دەڵێت " هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی کۆتایی هاتنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عێراق دەکات و رایدەگەنێت" پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و عیراق دەکەم و سوپاسیان دەکەم بەهۆی بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و سوپاسێکی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و تەواوی هێزە ئەمنییەکان دەکەم کە ڕۆڵی خۆیان بە باشترین شێوە جێبەجێکرد و پرۆسەکەیان سەرخست".

دەشڵێت" داوا لە تەواوی ئەو نوێنەرانە دەکەم کە متمانەی دەنگدەران بەدەستدەهێنن داکۆکی لەسەر مافی هاوڵاتییانی تەواوی ناوچەکان بکەن".

بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاند" هیوادارم دوای بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و عیراق بێتە کایەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان بکرێت".

ئەمڕۆ ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ کەس لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەبوو، و بڕیارە سبەی ئێوارە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەنرێت. 








PM:08:32:11/11/2025