شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی گۆڕانکاری گرنگ تەواوی کەشوهەوا لە رۆژانی داهاتوودا ئاشکرا دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە کە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین لە دوو رۆژی داھاتوودا دەگاتە هەرێم و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما تا ١٠ پلە نزم دەبنەوە.
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە کە " سەرەتا سبەی پێنجشەمە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ئاسمانی ھەرێم و ناوچەکە بە زۆری دەگۆریت بۆ نیمچە ھەوری مامناوەند بۆ بەرزی دەریایی کە ئەم ھەورانە بێباران و بەرزن لە بەرگەھەوادا بەر لە بارانبارین دەگات و پاشان لە ئێوارەی دوو سبەی ھەینی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور دەگاتە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و لەشەودا ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەشێوەی ناجێگیری کەش کاریگەری ئەبێت لە شوێن و کاتی جیاوازدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و لەگەڵ بارینی نمە باران و ھەندێ شوێنێش تاوە بارانی باشتر ئەبارێت و بای باشور و باشوری رۆژھەڵاتیش چالاک ئەبێت بەخێرای ١٥-٣٥ کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا".
ئاشکراشی کردووە کە " بۆ رۆژی شەمە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور چالاکتر ئەبێت لەسەر ناوچەکە و ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی ٦ تا ١٠ پلە نزمدەبنەوە و لەزۆربەی ناوچەکان لەکاتی جیاوازدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و بارانی مامناوەند بۆ بەخوڕ بۆ ماوەیەکی کەم ئەبارێت لەگەڵ زیاتر چالاکبوونی خێرای با لەنێوان ١٥ تا ٤٥ کم لە کاتژمێرێکدا ".
ئەو کەشناسە کوردەش دەڵێت" لەدرەنگانی شەوی شەمە لەسەر یەکشەمە کاریگەری شەپۆلەکەی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات کە سەرەتاش لەناوچەکانی خۆرئاوای ھەرێمی کوردستانەوە پەرەدەسەنێت و پاشان سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە و لەم قۆناخە کە تا بەرەبەیانی رۆژی دووشەمە بەردەوامی ئەبیت ئەگەری بارانبارینێکی زۆر باش ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک و بەگشتی ناوچە شاخاویەکانی دەڤەری بادینان و باکوری ھەرێم کە لە زۆرێکی ئەو ناوچانە پەڵەش ئەدات ، لەناوچەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین و سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەش بارانی مامناوەندی باش و پچر پچر ئەباریت وە بەھۆی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرماش لەم قۆناخەدا بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان لە بەرزی ٢٠٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە ئەبارێت ، وە لەسنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان رێژەی باران کەمتر ئەبێت لەزۆربەی شوێنەکان نمە باران ئەبێت و ھەندێ شوێن بە دیاری نەکراوی بڕێکی باشتر ئەبارێت ، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە رۆژی دووشەمەوە کۆتای پێدێت و کەشەکە بەرەو جێگیربوون ئەچێتەوە ".
رێژەی بارانی پێشبینیکراو بە ملم لەماوەی ھەردوو قۆناخی ئەم شەپۆلەدا
پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە ٣٠- ٨٠ ملم
سەنتەری پارێزگای ھەولێر و بەگشتی دەشتایەکانی ناوچەکە ٥- ١٥ ملم ، ئیدارەی راپەرین و سۆران و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر ٢٠- ٥٠ ملم
پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی ١٥- ٤٠ ملم
پارێزگای ھەڵەبجە و ناوچە شاخاویەکانی ٥- ٢٥ ملم
پارێزگای کەرکوک ١٥ - ٣٥ملم ، ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان ٢ - ١٥ ملم
ئاشکراشی کردووە کە بەگشتی ئەم مانگەش باران لەناوچەکەدا لە ئاستی پێویستدا نەبوو وەک پێشتریش باسمانکرد کە مانگی ١١ش زیاتر وشک ئەبێت ، بۆ مانگی داھاتووش زانیاریمان ئەبێت لە کاتی نزیکدا .