کۆمیسیۆن بۆ کاندیدەکان: تەنها ٣٠ رۆژ مۆڵەتتان هەیە بۆ لێکردنەوەی پۆستەرەکان

کۆمسیۆن وادەی لێکردنەوەی پۆستەری حزب و کاندیدەکانی راگەیاند و دەڵێت" تەنها ٣٠   ڕۆژ مۆڵەتتان هەیە".

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی  تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند" لەمڕۆوە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوەی ٣٠ ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ لێکردنەوەی سەرجەم پۆستەر و بانگەشەکانیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر هەر کاندیدێک لە ماوەی دیاریکراودا پۆستەر و بانگەشەکانی لێ نەکاتەوە ئەوا کۆمیسیۆن خۆی بەو کارە هەڵدەستێت و تێچووی لابردنی پۆستەرەکان لەو بڕە پارەیە دەبڕێت کە کاندیدەکە وەکو بارمتە لای کۆمیسیۆن دای ناون.

سەبارەت بە سکاڵاکانی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا، کە تا ئێستا ٣٩ سکاڵا لەسەرانسەری عێراق تۆمارکراون لە ماوەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، هەروەها کاندید و لایەنەکان دەتوانن تا کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ سکاڵای نوێ پێشکەش بکەن.

دوێنێ ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، کە ٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٧٣ کەس لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەبوو، و بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر ٦ی ئێوارە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە رابگەیەنرێت. 




PM:04:07:12/11/2025