هەسەدە و دیمەشق بە چاوەدێری ئەمریکا سەبارەت بە تێکەڵبوون بە دامودەزگاکانی حکومەت کۆدەبنەوە

سەرچاوەیەکی باڵای کورد ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە بڕیارە کۆبوونەوەیەکی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمەشق بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار و داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حکومەتی نوێدا.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیاکانی راگەیاندووە"  کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ حکومەتی سوریا بە شێوەیەک بەڕێوەدەچێت کە سەقامگیری ناوچەکە و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دژی داعش لە سوریا مسۆگەر بکات".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" لە کۆبوونەوەکەدا مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات( هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا و تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ سوریا ئامادە دەبن".

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەیەکی سەرەکیدا کە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادەی بوون، باس لە یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پێکهاتەی نوێی ئابووری و بەرگری و مەدەنی سوریادا کراوە".

باراک لە پۆستێکدا لە هەژماری پلاتفۆرمی ئێکس خۆیدا زیادی کرد: لە میانی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکاندا، قۆناغی داهاتووی چوارچێوەی ئەمریکا-تورکیا-سوریامان خستەڕوو.

ناوبراو جەختی کرد: لەمەودوا دیمەشق بەشداری چالاکانە لە ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش، سپای پاسدارانی ئێران، حەماس و هەسەدە و تۆڕە تیرۆریستییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی وەک هاوبەشێکی پابەند لە هەوڵە جیهانییەکان بۆ دامەزراندنی ئاشتی بوەستێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، " هەنگاوی داهاتوو بۆ ئەوەی شانسێکی ڕاستەقینە بدرێت بە سوریا، هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی یاسای قەیسەرە".





PM:01:09:13/11/2025