دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار کورد نەیتوانی هیچ کورسیەک لە پارێزگای دیالە بباتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق، لە کۆتایدا سیستمی کۆتا فریای لایەنە کوردیەکان کەوت و بەربژێرێکی کورد لە هاوپەیمانی عەزم بە سیستمی کۆتای ژنان سەرکەوت.
پێنج شەممە، ١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، نازک ئەحمەد محەمەد، بەربژێر لە هاوپەیمانی عەزم، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای نزیک لە پارتی ڕایگەیاند " توانیومە کورسیی دووەم بە کۆتای ژنان لە هاوپەیمانی عەزم بە دەست بهێنم"، نازک ئەحمەد بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە ناو هاوپەیمانی عەزم، بە گشتی توانی حەوت هەزار ٩٢١ دەنگ بەدەستبهێنێت و بە کۆتایی ژنان سەربکەوێت بۆ چوونە پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بازنەی دیالە ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو "ئەمە قۆناغی ڕاستکردنەوە و پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ خاڵە لاوازەکانمان دەکەین، گۆڕانکاری ڕیشەیی لەسەر ئاستی سیاسی و بەرپرسیارێتییەکان لە دیالە و خانەقین دەکەین".
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەوی ١٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە پارێزگای دیالە کورد نەیتوانی هیچ کورسیەک بە دەست بهێنێت، کە بۆ یەکەمجار بوو لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥ وە کورد دەنگەکانی بفەوتێت، و لە خولی پێنجەمدا کورد یەک کورسی بەدەست هێنابوو لە لیستی یەکێتی .