سەرما دەستیپێدەکات و شەپۆلی بارانبارینەکە بەهێزتر بووە

کەشناسێکی کورد پێشبینی دەکات کە شەپۆلی بارانبارینەکە بەهێزتر بووە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە و سەرما دەستپێدەکات و باران و بەفر دەبارێت.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە کە " لە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینیەوە کاریگەری سەرەتای شەپۆلی بارانبارین لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و سەرەتاش بە نمە باران و چالاکبوونی بای باشوری خۆرهەڵات بەخێرای ١٥-٤٠ کم/ک کاریگەری ئەبێت و لە کاتی بەیانی سبەی شەمەوە لەسەرجەم ناوچەکانمان بارانبارین دەستپێدەکات و بەدرێژای کاتەکان ئاسمان هەوری باراناوی ئەبێت و هەندێک کاتیش لێزمە باران ئەبارێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکەدا".

 ئاشکراشی کردووە کە پلەکانی گەرماش بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٦ تا ١٠ پلە نزمدەبنەوە و کەشێکی تەواو سارد و زستانی دەستپێدەکات ، بۆ دوو سبەی یەکشەمە شەپۆلێکی دیکە لەدەریای ناوەراستەوە دەگات بەهۆیەوە ئاستی بارانبارینەکە چرتر و زیاتر ئەبێت و تا بەیانی رۆژی دووشەمە بەردەوامی ئەبێت و پێشبینی ئەکرێت لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانێکی زۆر باش ببارێت و ئاستی ئاویش لە زۆربەی شوێنەکان بەرزببێتەوە و لەناوچە شاخاویە بەرزەکانیش بەفر ببارێت."  

لەم گۆرانکاریە نوێیەدا رێژەی باران بە ملم بەم شێوەیە چاوەروان دەکرێت  

پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکە ٦٠ - ١٢٠ ملم

سەنتەری پارێزگای ھەولێر و بەگشتی دەشتایەکانی ناوچەکە ٣٠ - ٦٠ ملم ، ئیدارەی راپەرین و سۆران و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر ٨٠ – ١٣٠- ملم 

 پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاویەکانی ٥٠ - ٨٠ ملم 

پارێزگای ھەڵەبجە و ناوچە شاخاویەکانی ٤٠ - ٦٠ ملم

پارێزگای کەرکوک ٤٠ - ٧٠ ملم ، ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان ٤٠ - ٧٠ ملم 

دەشڵێت" سوپاس بۆ خودا ئەم گۆرانکاریە دڵخۆشکەربوو شەپۆلەکە چەند هێندە بەهێزتربووە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت لەسەرجەم ناوچەکان یان لەسەدا ٩٥ی ناوچەکە لەماوەی ئەم بارانەدا پەڵەبدات ".






PM:01:57:14/11/2025