بەهۆی بارانبارین شۆرتی کارەبا لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا لە چەند گەڕەکی سلێمانی دروست بووە و کارەبایان نییە.
سیروان محەمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە " سپی " راگەیاند " ئەم کەمووکوڕییەی دروستبووە ئاساییە و هەموو ساڵێک لە یەکەم بارانباریندا روودەدات و تیمەکانی کارەباش لە بەیانی زوەوە سەرقاڵی چاککردنینی".
ئاماژەی بەوەشدا زیاتر لە ٨٠ فیدەر دووچاری کیشەی بۆ دروستبووەو تا ئێستا کە کاتژمیڕ " ١٠:٣٠ " نزیکی ١٠ فیدەر چاککراوەتەوە.
کەموکوڕییەکان لەناو شار و دەرەوەی شاریشەوەن لە قەزاو ناحییەکان.
لەلایەکی ترەوە، ئەندازیار غالب محەممەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "بەهۆی بارانبارین و دروستبوونی شۆرت لەسەر تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، لە ژمارەیەک شوێن و گەڕەک کارەبا نییە."
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی دەڵێت" تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوە و چارەسەری کێشەکەن".
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی دەشڵێت "ساڵانە لەگەڵ یەکەم بارانبارین ئەم کێشانە دووبارە دەبنەوە، کە تەکنیکین و زوو چارەسەر دەکرێن."
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارە تا رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.