نوێنەری ئیدارەی خۆسەر: دەبێت دەسەڵاتێکی شەرعی لە سوریا هەبێت

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا لە وڵاتی لوبنان، ئاشكرایدەکات، تێکەڵ کردنی هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا پێویستی بە بوونی دەسەڵاتێکی شەرعی و ڕێکەوتنی سیاسی هەیە. 

عەبدولسەلام ئەحمەد، شەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە لێدوانێکیدا، ڕایگەیاند'' یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە.'' 

وتیشی'' دەبێت ڕێککەوتنەکە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆبگرێت.'' 

سەبارەت بە ئیدارەیەکی دیکە لە سوریا باسی لەوەکرد، پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت پێویستە، توانای سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت.

عەبدولسەلام ئەحمەد دەڵێت'' بەبێ ئەم بناغە دەستوری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گروپی چەكداری پەرشوبڵاو.'' 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە کۆبوونەوەیەک نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمەشق بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار و داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حکومەتی نوێدا.

هاوکات، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە ئاشکرایکرد بوو،  سەربازەکانی هەسەدە زیاترە لە ١٠٠ هەزار سەربازە و لە نێویاندا هێزی تایبەتی راهێنراوی باش هەیە لەسەر هەموو جۆرە چەکێک.




PM:07:51:15/11/2025