بەهۆی بارانبارین کێشە بۆ پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری دروستدەبێت

بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردوە کێشە بۆ پێدانی کارەبا دروست بووە و بەڕێوەبەرایەتی کارەباش ڕوونکرنەوە دەدات. 

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە ڕایگەیاند'' بەهۆی بارانبارینەوە شۆرتی کارەبا لە زۆرێک لە فیدەرەکانیاندا ڕوویداوە و تیمەکانیان سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکەن.'' 

کاروان کەریم وتیشی'' لەکەمترین کاتدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کێشەکە چارەسەر دەکەن و کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.''

 
هەر لە هەڵەبجە، لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی پارێزگاکە ئاگادارکردنەوەیەکی ئاڕاستەی خاوەن مۆلیدەکان کردوە و دەڵێت'' ئاگادارتان دەکەینەوە بەهۆی کێشە لەفیدەرەکانی کارەبای ناوشارەو هەروەها هاتنی شەپۆلی سەرماوە، ئاگادارتان دەکەینەوە کەپێشتر سەرجەمتان ئاگادارکراونەتەوە کەدەبێت لەکاتی بڕانی کارەبادا دەست بەجێ کارەبا هەڵبکەن بەپێچەوانەوە توشی سزای یاسای دەبن.'' 

هاوکات، هەر ئەمڕۆ بەهۆی بارانەوە کارەبای ٨٠ فیدەر لە سلێمانی کوژایەوە، کارەبای سلێمانی سەبارەت بەو ڕوداوە وتی'' ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی بارانباریندا کوژانەوەی کارەبا، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی چاوەڕوانکراوە، چونکە گرفتی ئەو فیدەرانە لە ڕۆژانی ئاساییدا دەرناکەوێت.'' 

هەروەها، ئەمڕۆ بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و بەفربارین، پڕۆژەی ڕووناکیی لە شەش گەڕەک و یەکەی نیشتەجێبوونی شاری دهۆک پچڕان، بەرێوەبەرایەتی کارەبای دهۆکیش دەڵێت "هۆکاری برینی کارەبای ئەو گەڕەکانە کێشەیەکی تەکنیکییە و سەرقاڵی چارەسەرکردنین".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردودا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، نازانن پرۆژەی ڕووناکی چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەر کوژانەوەی کارەبا ڕوویدا، گرێبەست لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەکاندا کراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان.




PM:08:39:15/11/2025