کەشناسێک، هۆشداری دەدات لەوەی، شەپۆلی بارانبارین بەهێزدەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
ئاراس جەبار بڵاویکردەوە'' لە درەنگانی ئەمشەو بەدواوە شەپۆلەکەی دەریای ناوەراست لەسەرناوچەکانمان دەستپێدەکات کە لەبەرە هەوایەکی سارد و شێدار پێکدێت و بەشێوەیەی بەرەیی چەند زنجیرە کەڵەکە هەورێکی گەورە و بەهێزن هەورە بروسکەی توند و بارانی زۆر بەخوڕیان لێچاوەروان دەکرێت.''
ئاماژەی بەوەشکراوە، بەگوێرەی کاتەکان کە سەرەتاش لەکاتەکانی درەنگانی ئەمشەو بۆ نیوەرۆی سبەی یەکشەمە ١٦ی مانگ کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای نەینەوا بەهێزترین ئەبێت بۆیە لەو ماوەیەدا هۆشداری ئەدرێت لە بارینی تەرزە و بارانێکی زۆر و دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەدا کە لەهەندێ شوێن ئەگەری ڕوودانی لافاوی گەورەش ئەبێت.
ئەو کەشناسە دەڵێت'' هۆشداری دووەم بۆ ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای هەولێر و کەرکوک و ئیدارەی سۆران و سنوری قەزای کۆیە و باکوری رۆژئاوای ئیدارەی گەرمیان بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارەی سبەی یەکشەم لەم ناوچانەشدا ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی توند و لێزمە باران و تەرزە ئەبێت و بەهەمان شێوە ئەگەری لافاو هەیە و پێویستە ئاگاداربن.''
سەبارەت بەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و سنوری ئیدارەی راپەرین کاریگەری ئەو حاڵەتە بەگەیشتنی بەم ناوچانە کەمدەبێتەوە و لەنێوان کاتەکانی سبەی نیوەرۆ تا کاتی شەو ئەگەری بارانی مامناوەند و پچر پچر ئەبێت لەگەڵ چالاکبوونی هەورە بروسکە و پاشان کاریگەری شەپۆلەکە بەیەکجاری لەسەر ناوچەکانمان کۆتای پێدێت و لەبەیانی رۆژی دووشەمەوە کەش و هەوا سەقامگیر ئەبێتەوە.
لەلای خۆشیەوە کەشناسی هەرێم بارانی ١٢ کاتژمێری ڕابردوو لە ڕێکەوتی ١٥ی ١١ بڵاوکردەوە:
هەولێر ٠.٨ ملم
سلێمانی ٢٣.٢ ملم
دهۆک ٦.٤ ملم
پیرمام ١.٧ ملم
زاخۆ ١٩.٦ ملم
خانەقین ٢٥ ملم
خورماتوو ٠.٨ ملم