مەسرور بارزانی: هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند "موچەی مانگی نۆ زۆر دواکەوتوە هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی دەبێت پرسیار لە بەغداد بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردوە".

یەک شەممە، ١٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەک بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆی هەولێر، لەسەر پرسی مووچە و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  قسەی بۆ میدیاکان کرد، و سەرەتا لەسەر پێک‌هێنانی کابینەی دە، ووتی "چەندین جار داوامان کردوە زوو حکومەتی نوێ پێکبهێندرێت، دەمانویست حکومەتەکە کارا و هەمەلایەن بوایە، گفتوگۆکان هەر بەردەوام بوون و نەمانوەستاندون، بەڵام ئێستا هەلومەرجەکان جیاوازن و بەو پێیەش گفتوگۆکان بەردەوام دەبن".

لەبارەی سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی،  بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی ووتی "دیداری تایبەتمان دەبێت پیکەوە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆ دەکەین".

تەنها مانگ و نیوێک لە ساڵی ٢٠٢٥ ماوە و تا ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی هەشت مانگیان وەرگرتوە و چارەنووسی مووچەی چوار مانگیان دیار نییە.




PM:04:19:16/11/2025