لە رۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆدا ئاماری ئامارەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکرایەوە و بە پێی ئامارەکان لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٧٤ ڕووداو تۆمارکراون کە هەزاران قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی، ڕایگەیاند" کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلول، ٧٧٤ ڕووداوی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگاکەدا تۆمارکراون".
بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی ئاشکراشیکرد، بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە، بەداخەوە ١٤٢ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٧٩٢ هاونیشتمانیی دیکەش برینداربوون. بەپێی زانیارییەکان، زۆرینەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان بوون.
رۆژی یەکشەممەش ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە یادی قوربانیانی هاتوچۆدا رێکخراوی ترافیک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە وتی" ئامارەکان دەریانخستووە، کە ساڵانە لە ڕووداوەکانی هاتوچۆدا لەسەر ئاستی جیهان ١،٣ملیۆن کەس دەمرێت، لەگەڵ ٥-٢ ملیۆن برینداری قورس و سووک."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە" لایەنە پەیوەندیدارەکان ساڵانە ئاماری ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە بیریان لەوە نەکردووەتەوە، پالنێکی پێنج ساڵە بخەنەگەڕ، بە مەبەستی سنووردانان بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییە بێشومارەکانیان".