یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

یەکێک لە ڕێکارەکان بۆ دروستکردنی هێزی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستاندا، یەکخستنی هێزەکانی ٨٠ سەر بە پارتی  و هێزەکانی ٧٠ سەر بەیەکێتیە، بە پێی زانیارییەکان، ئێستا یەکخستنی ئەم هێزانە لە قۆناغی کۆتایدایە.

١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لیوا نەجات عەلی، فەرماندەی یەکەی ٨٠ سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی ٧٠ سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قسەیان بۆ کەناڵی ڕوداو کردوە سەبارەت بە یەکخستنی هەردوو هێزەکە، فەرماندەی یەکەی ٨٠ ڕایگەیاندوە "هەموو رێکارە کارگێڕییەکان تەواوبون و دۆسیەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دوای واژۆکردن دەگوازرێتەوە".

لای خۆشیەوە وتەبێژەکەی هێزەکانی ٧٠ وتویەتی " هێشتا رێکارەکانی یەکەی ٧٠ تەواو نەبوون، بەڵام لە قۆناغی تەواوبووندان، هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە کە بزانین کەی تەواو دەبین، چونکە ڕۆتینی کارەکە زۆرە و ژمارەی پێشمەرگەکانیش زۆرە".

هێزەکانی ٨٠ و ٧٠ ، وەک دوو هێزی حزبی تەماشا دەکرێن، لە ڕابردودا ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناویشیاندا ئەمریکا، چەندین جار جەختیان لەسەر ئەوە کردوەتەوە کە ئەو دوو هێزە یەک چەتر کۆیان بکاتەوە. 




PM:05:39:17/11/2025