ئەردۆغان: پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا دەکەین

سەرۆک کۆماری تورکیا، لە وتارێکیدا باس لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا دەکات و جەختیکردەوە لەوەی، پشگیری لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار دەکات. 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سێشەممە ١٨ی تشرینی دووەم، لە میانەی پێشکەشیکردنی وتارێکیدا لە تورکیا، ڕایگەیاند'' بە خۆشحاڵییەوە چاودێریی بەرەوپێشچوونی سوریا لە پەیوەندیی دەرەوە دەکەین، لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی ١٠ی ئازار، لەو باوەڕەداین دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی، پێکەوەیی و یەکگرتوویی سووریای دراوسێ، هەمان هەڵوێست و پێداگریمان هەیە". 

 
 سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە ئاماژەی بەهیچ نەکرد بەڵام جەختیکردەوە لەوەی، دەرگای وڵاتەکەیان بەسەر ئاشتەوایی واڵا دەکەن.

ئەردۆغان لەبارەی عێراق و سووریاش دەڵێت'' لە عێراقەوە هەتا سوریا بە درێژایی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە داکۆکی لە ئاشتی، دادپەروەری، سەقامگیری، بەیەکەوە گەشەپێدان و بەیەکەوە سوودمەندبوون دەکەین".
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، کە رۆژی ١١ی ١١ بەڕێوەچوو، وتی'' خۆشحاڵبووین لە کەشێکی بێ کێشە و ئاشتییانە بەرێوەچوو. هیوادارین هەڵبژاردنەکە بۆ خەڵکی عێراق ببێتە مایەی خێر و دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە لەمەودواش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی برا عێراقییەکانمان".
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند" ئەو هێزانەمان کە لە زاپ بوون و مەترسیی شەڕیان لەسەر بوو کشاندمانەوە بۆ ناوچە جیاوازە گونجاوەکان و لەو باوەڕەداین ئەم هەنگاوە هاوکاریی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە تورکیا دەکات.''




AM:10:44:18/11/2025