سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی مێپس، ڕایگەیاند'' پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەموو لایەک دەکەم، کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەلی عێراق.''
مەسرور بارزانی، مەسرور بارزانی هیوای خواست کە دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆڕبەندە تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆدا نەمێننەوە، بەڵکو ببنە بنەمایەک بۆ کاری کرداری و گوتی: "هیوادارین دوای تەواوبوونی کۆڕبەندەکە، ئەو ڕاسپاردانەی لێرە ئامادە دەکرێن، بکەونە بەردەستی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن."
وتیشی: داوا لە هەموو بەشداربووانی کۆڕبەندی مێپس ٢٠٢٥ دەکەم، لە لایەن فیفاوە یانەی زاخۆ پاڵێوراوە بۆ باشترین هاندەر و پاڵپشتی تۆپی پێی، بە گوێرەی پێوەرەکانی فیفا، هیوادارم هەمووتان پێکەوە پشتگیری یانەی زاخۆ بکەن و پشتگیری وەرزش لە یانەکانی کوردستان و عێراق بکەن.
دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی (مێپس ٢٠٢٥):
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بەڕێز جەنابی سەرۆک بارزانی؛ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڕێز فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری؛ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ بەڕێزان جێگرانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران؛ بەڕێز مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق؛ بەڕێز ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری تورکیا؛ بەڕێز دکتۆر بشر خساونە، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئوردن؛ بەڕێزان سەرۆکی حزب و لایەنە سیاسییەکان؛ دیپلۆماتکاران، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، قوتابییە خۆشەویستەکان؛ بەڕێز نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، دکتۆر محەممەد حەسسان؛ میوانە بەڕێز و خۆشەویستەکان، خوشک و برایانی بەڕێز، هەموو لایەک بەخێربێن، زۆر بەخێربێن بۆ کۆڕبەندی مێپس، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم کۆڕبەندە شەشەمین ساڵە بەڕێوەدەچێت بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم ناوچەیە. بێگومان بەشداری ئێوە لەم کۆڕبەندەدا دەوڵەمەندتری دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەرکەوتنی. هیوادارم کاتێکی خۆش بەسەر بەرن و دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی کۆڕبەندەکە دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
هیوادارین دوای تەواوبوونی کۆڕبەندەکە، ئەو ڕاسپاردانەی لێرە ئامادە دەکرێن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، بکەونە بەردەستی دەسەڵاتداران و بەرپرسان بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرن.
جێگەی خۆیەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەموو لایەک بکەم، کە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەلی عێراق. دەستخۆشی و سەرکەوتن بۆ لایەنە سەرکەوتووەکان و هەموو خەڵکی عێراق دەخوازم.
جێگەی خۆیەتی، داوا لە هەموو بەشداربووان دەکەم، لە لایەن فیفاوە یانەی زاخۆ پاڵێوراوە بۆ باشترین هاندەر و پاڵپشتی تۆپی پێی، بە گوێرەی پێوەرەکانی فیفا، هیوادارم هەمووتان پێکەوە پشتگیری یانەی زاخۆ بکەن و پشتگیری وەرزش لە یانەکانی کوردستان و عێراق بکەن.