وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند " ڕاپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی مانگی ئەیلول ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا، سبەی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق".
سێ شەممە، ١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی مووچەی مانگی ئەیلول و ناردنی ١٢٠ ملیار دینارەکە بۆ حکومەتی ناوەند بڵاو کردەوە و تیایدا هاتوە " سبەی چوار شەممە ( ١٩ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ) بڕی ١٢٠ملیار دینار وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئەیلول بەشێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق".
ئەمڕۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق، بەنگین ڕێکانی بە میدیای نزیک لە پارتی ڕاگەیاند "هەفتەی داهاتوو شاندێکی تەکنیکی لە هەولێرەوە دەچنە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو مووچەی ئەم ساڵ."
تا ئێستا دیارنییە کەی مووچەی مانگی ئەیلولی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش دەکرێت و بە پێی زانیارییەکان ئەگەری هەیە بکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
تەنها مانگ و نیوێکی ماوە لە ساڵی ٢٠٢٥، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگی ١٠، ١١، ١٢ یان دیارنییە، کە ئەم ساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو (٢٠٢٤) دوو مووچەیان دەفەوتێت یاخود نا.