نێچیرڤان بارزانی: هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستووری نییە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریی لە پانێلێکی کۆڕبەندی مێپس جەختی کردەوە کە پێویستە هێزە کوردستانییەکان یەک بن و بە پێکەوە بچنە بەغدا و وتیشی "هەڵسوکەوتی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستووری نییە."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریی لە پانێلێکی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک رایگەیاند" سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەو شێوەیە بووە، فاکتەری ئارامی بێت لە ناوچەکەدا، هەموو هەوڵێکیشمان داوە نەبینە بەشێک لەو کێشانەی کە لە ناوچەکە ڕوویان داوە."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی "دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بە ئاشتی و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین."

ئاشکراشی کرد کە دەبێت هێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا و لەوێدا یەکگرتوو بن و پێکەوە داکۆکی لە بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن.

وتیشی" دەبێت هەمووان پێکەوە لەسەر خاڵێک ڕێکبکەوین کە بزانین چی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمەکەدا، زۆر گرنگە هێزە کوردییەکان بە زووترین کات پێکەوە بچنە بەغدا و دەست دانوستان بکەن".

"ئەمریکا وڵاتێکی بەهێزە و دەتوانێت رۆڵی جیدی ببینێت لە چارەسەری ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن."( نێچیرڤان بارزانی وای وت).

راشیگەیاند" پێمان وایە ئەو کێشانەی کە لە ناوچەکەدا هەن، پێویستی بە بیرکدەنوەیەکی دروست هەیە بۆ ئەویە چارە بکرێت، چونکە شەڕ لە ماڵوێرانی زیاتر هیچ دیکەی بە دوادا نایەت، کێشەکان دەبێت بە گفتوگۆ چارە بکرێن، و خۆشحاڵین کە ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت غەززە، دوێنێش بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرنگ بوو، هیوادارین بگاتە ئەنجام."

لە بارەی ڕۆڵی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نێچیرڤان بارزانی وتی" ئەمەریکا هێزێکی گەورەیە لە جیهاندا، هەروەها دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و جیددی ببینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکەدا."






PM:07:17:18/11/2025