عوسمان بایدەمیر: یەکڕیزیی نێوماڵی کورد وەک کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە

عوسمان بایدەمیر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا لە شەشەمین کۆڕبەندی مێپس ٢٠٢٥، لە دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد کردەوە وەک کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان و داوای کرد هەولێر ببێتە ناوەندێکی نوێی دیپلۆماسی بۆ ناوچەکە  و وتیشی "هەزار جار شوکر بۆ خوای میهرەبان کە ئەمڕۆ بوومە شایەدی ئەم دیمەنەی کە حەسرەتی هەموو میللەتی کورد و کوردستانە."

ڕاشیگەیاند" دەرد و ئازاری کوردان لە ئەنجامی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ بووە، بەڵام بەهۆی "بەرخودانی کۆبانێ و گیانفیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان، ئەو کفنە دڕا."

بایدەمیر جەختی کردەوە کە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەکانی کورد "تەبایی ناوخۆییە" و ڕوونیکردەوە کە ئەم یەکڕیزییە هەڕەشە نییە بۆ هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ. و دەشڵێت "تەبایی ناوخۆیی نەک لە دژی ئەنقەرە، بەغدا، شام و تارانە، بەڵکو کاتێک ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دێت، برا تورک و عەرەب و فارسەکانیشمان لەگەڵ ئێمە دەگەنە دیموکراسی و ئارامی."

لە کۆتاییدا، بایدەمیر جارێکی تر بانگەوازی بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان کرد و پێشنیازیکرد هەولێر ببێتە پایتەختێکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، دەشڵێت، "ئایا جنێڤ دوورە یان هەولێر؟ براکانم، هەولێر لە جنێڤ نزیکترە."، و  وتی "با ئەو ڕۆحی بەرخودانەی کۆبانێ بکەینە خاڵی دەستپێکی دیپلۆماسی و دانووستاندن." 




AM:11:55:19/11/2025