مەسرور بارزانی: دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن قبوڵ ناکەین


لە نوێترین لێدوانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لە بارەی ئەگەری دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە رایگەیاند" ئێمە وەک پارتی قبووڵی ناکەین دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی تشرینی دووەم لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس ٢٥)، مەسرور بارزانی، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمەوە وتی " هەرچەندە دواکەوتووە، بەڵام لایەنەکانی دیکە شاهیدی بۆ ئێمە دەدەن، پارتی لە سەرەتاوە ویستوویەتی کابینەی نوێی حکوومەت زوو پێکبهێنرێت. دەنێت لایەنەکانی دیکە بەرپرسیارێتی دواخستنی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم لە ئەستۆ بگرن، بۆیە هیوادارم چیتر دوا نەخرێت ."

لە بارەی دۆخی عێراق و یاسای هەڵبژاردنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم جەختیکردەوە کە بە پێویستی دەزانێت، یاسای هەڵبژاردنی عێراق بگۆڕدرێت و ڕوونیکردەوە "هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن هیچ دادپەروەرییەکی تێدا نەبوو، لە کاتێکدا پارتی بە زیاتر لە یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار دەنگ تەنیا ٢٧ کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لایەنی دیکە هەن بە ٦٨٠ هەزار دەنگ کە نیوەی دەنگەکانی پارتییە، توانیویەتی ٢٧ کورسی بەدەست بێنێت، لایەنی دیکەش هەبووە بە ٧٥٠ هەزار دەنگ ٢٩ کورسی بردووە، بۆیە هیچ دادپەروەرییەک لە دابەشكردنی کورسییەکان نییە، ئەمەش کێشەیەکی یاساییە و پێویستە یاساکە بگۆڕدرێت ."

دانیشتنی ئەمڕۆی دیداری مێبس بۆ قسەکردن بوو لە پرۆسەی ئاشتی لە سوریا و لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی وتی" ئامادەبوونی بەرپرس و سەرکردەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ئاماژەیەکی باشە و ئومێدەوارەین ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دروستی جێبەجێ بکرێت."

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست "هەرچی زووە لایەنە کوردییەکان زیاتر لەیەکتر نزیک ببنەوە، ڕەنگە هەندێک بابەتیش هەبن پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر بێت، بەڵام ئەوەی هەیە، هەمووان خواستیان لەیەک نزیکبوونەوە هەیە."




PM:02:13:19/11/2025