لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بارزانی وتی " پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە".
دوانیوەڕۆی چوار شەممە ١٩ ی تشرینی دووەم مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە پەرلەمانی تورکیا، محەمەد ئیسماعیل سەرۆکی ئەنەکەسە لە پیرمام کرد.
بەپێی راگەیاندنێک بارەگای بارزانی کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، هاتووە " بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە پرسی کورد بە شێوازێکی دیموکراسیانە و ئاشتیانە لە چوارچێوەی سوریای تازەدا چارەسەر ببێت و هەڵەکانی رابردوو چارەسەر ببن و دووبارە نەبنەوە".
هەروەها هاتووە " بارزانی جەختی لە پشوودرێژی و تەبایی و یەکریزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کورد کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە نابێت مافەکانی گەلی کورد پێشێل بکرێت".
رۆژی چوار شەممە بۆ یەکەمجار مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بەشداری کۆڕبەندی " مێبس " یان لە دهۆکی باشوری کوردستان کرد کە تایبەت بوو بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری چەندان بەرپرس و سیاسی ناسراوی لۆکاڵ و ناوچەیی و جیهانی.