جەهەپە: سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان ناکەین

ئەمڕۆ هەینی ٢١ی تشرینی دووەم، لە پەرلەمانی تورکیا، کۆمسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆبووەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر چوون بۆ ئیمرالی بدات. 

وەکو یەکەم لایەن پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) هەڵوێستی خۆی ئاشكراكردو رایگەیاند'' ئامادە نییە ئەندامەكانی خۆی لە كۆمسیۆنەكە بنێرێت بۆ ئیمرالی.'' 

لەلای خۆیەوە، فەتحی یڵدز جێگری سەرۆکی مەهەپە شەوی رابردوو لە کەناڵی "بونگوتورک تیڤی" وتی'' وەک هاوپەیمانی گەل و بە پشتیوانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە)، بە دڵنیاییەوە دەچینە ئیمرالی، باوەڕم وایە رۆژی هەینی بڕیارێکی کۆدەنگی دەدرێت.''

بۆ ئەوەی كۆمسیۆنەكە بڕیار لەسەر چوونی بدات بۆ دیدار لەگەڵ ئۆجالان پێویستە لەكۆی ٥١ ئەندام ٣١ ئەندامیان بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە بناری قەندیل پارتی کرێکارانی پەکەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی رۆژنامەنوسان بڵاویکردەوە کە هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و وتی" هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە قەندیل، ڕاگەیاندراوی هەنگاوە مێژووییەکە خوێندرایەوە."




PM:03:54:21/11/2025