کۆمیسیۆنی چارەسەری كێشەی كورد لە پەرلەمانی تورکیا، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا شاندێکی بنێرێتە دورگەی ئیمراڵی و سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بکات.
هەینی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە ١٨ـەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی خوشک-برایەتی و دیموکراسیی و یەکگرتنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگ بڕیار لەسەر سەردانیکردنی ئیمراڵی درا، بەمەبەستی گفتۆگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا.
جەهەپە کە ١١ نوێنەری لەناو کۆمسیۆنەکەدا هەیە، کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە و ڕەتیان کردووەتەوە ئەندامیان بنێرن بۆ ئیمراڵی، دواتر دەنگدان کراوە و ٣٢ دەنگی بەڵێ و ٢ دەنگی نەخێر و ٣ دەنگی پووچەڵ دراوە لەسەر بڕیارەکە.
بەمپێیەش کۆمسیۆنی خوشک-برایەتی و دیموکراسیی لە پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا سەردانی ئیمراڵی بکات و دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردودا، پەکەکە هێزەکانی لە ناوچەی زاب کشانەوە هەروەها، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە بناری قەندیل پارتی کرێکارانی پەکەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی رۆژنامەنوسان بڵاویکردەوە کە هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و وتی" هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە قەندیل، ڕاگەیاندراوی هەنگاوە مێژووییەکە خوێندرایەوە."
هەروەها، ساڵی ١٩٩٩عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە وڵاتی کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل دەستگیر کرا، ساڵانە لایەنگرانی پەکەکە خۆپیشاندان دەکەن و داوا دەکەن ڕێبەرەکەیان ئازاد بکرێت.