نۆ ساڵ بەسەر "تیرۆرکردنی" مامۆستا وشیار عەبدوڵا تێدەپەڕێت، بنەماڵەکەی جەخت لەوە دەکەنەوە کە سورن لەسەر داواکاری یەکەم جاریان و سوڵحی عەشایەری ڕەت دەکەنەوە.
شەممە، ٢١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کەمال ئیسماعیل، نوێنەری بنەماڵەی مامۆستا وشیار عەبدوڵا، لە ساڵڕۆژی "تیرۆرکردنیدا" ڕایگەیاند "لە نۆیەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی مامۆستادا جەخت لەسەر هەمان داواکاری یەکەم ساتی تیرۆرکردنەکەی دەکەینەوە کە ئەویش بەسزا گەیاندنی بکەرانی تاوانەکەیە".
"دوو کەس بە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا دەستگیرکراون، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و لەماوەی ڕابردوودا چەند جارێک داوامان لێکرا لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە دۆسییەکە دابخرێت و ئێمە ڕەتمان کردوەتەوە"، نوێنەری بنەماڵەکەی وا دەڵین.
وشیار ئیسماعیل، لە ٢٢ تشرینی دووەمی ٢٠١٦، لە کاتێکدا بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بوو "تیرۆرکرا"، و لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ سزای لە سێدارەدان بۆئەو دوو کەس دەرچوو کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی.