مووچەی بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕادەگیرێت

لە سنوری پارێزگای  سلێمانی مووچەی هەزار و ٥٥ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان بە هۆی کێشەیی مامەڵەکانیان بۆ مانگی ئەیلول ڕادەگیرێت.

یەک شەممە، ٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە ئیدارەی گەرمیان و قەزای چەمچەماڵ لە سنوری پارێزگای سلێمانی مووچەی مانگی ئەیلولی بەشێک لە کەسوکاری شەهیدان ڕاگیراوە، جەبار شەهید محەمەد، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "نزیکەی ٥٥٠ کەس، کە چەندینجار داوای کارتی نیشتمانیان لێکراوە نەیانهێناوە، بۆیە مووچەی مانگی ٩ـی هەموو ئەو کەسوکارانەی شەهیدان و ئەنفالکراوانەمان ڕاگرتوە، وە هەتا کارتی نیشتمانییەکانیان نەهێنن مووچەیان پینادەین، وەک ئاسانکاریش ئەگەر ڕۆژی وەرگرتنی مووچە کارتەکان بێنن مامەڵەکانیان بۆ تەواو دەکرێت و مووچە وەردەگرن".

بە هەمان شێوە لە قەزای چەمچەماڵیش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ، چیا تەیفور دەڵێت "ناچاربووین ئەو کەسانەی مامەڵەکانیان کەموکورتی تێدایە مووچەکانیان لە بانکەوە ڕابگرین، هەتا زانیارییەکانیان تۆمار دەکەن، کە ژمارەیان ٥٠٠ کەسە".

 لە وەزارەتی کاروباری شەهیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٩١ هەزار مووچەخۆری، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و زیندانیانی سیاسی تۆمارکراون، داواکردنی کارتی نیشتمانی بۆ سیستمی پەیرۆڵە و لە لایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراوە.
 




PM:02:26:23/11/2025