وتەبێژی پارت دیموکراتی کوردستان، دەڵێت " بەر لە هەڵبژاردنی عێراق لەگەڵ یەکێتی لە زۆر بواردا ڕێککەوتبوین، داواشمان کرد بابەتی عێراق تێکەڵ بە هەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە دوو پرسی جیاوازە".
یەک شەممە، ٢٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە میدیای نزیک لە پارتەکەی وتوە " ئێستا لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان چەند متمانەی بەو هێزانە داوە بەشی ئەوەش بەرپرسیارییەتیان پێبدرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پەرلەمان و حکومەت کارا بکرێت، هەر لایەنێک ئامادەبێت بۆ ئەو پرۆسەیە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین".
لەبارەی گفتوگۆکانی پارتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، وتەبێژیەکەی پارتی ڕایگەیاند " لەگەڵ جوڵانەوەی نەوەی نوێ گفتوگۆمان کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام داواکارییان هەبوو نەدەکرا جێبەجێ بکرێت، ئێستا چاوەڕێی هەڵوێستی نوێ و گۆڕانکاری ئەو حیزبەین".
هەروەها لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت " پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کوردە و مەرج نییە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت، لەو بارەوە گفتوگۆ دەکەین و ڕێککەوتن لەبارەیەوە پێویستە".
ئەمە لە کاتێکدای ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئامادەیی حزبەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشاندا و ووتی "بانگەشە و هەڵبژاردن تەواو بووە و ئامادەی گفتوگۆین".
١٣ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە و تا ئێستا حکومەتی نوێ پێک نەهاتوە.