ئەمڕۆ شاندی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئۆجەلان دەکات

کۆمیسیۆنی چارەسەری كێشەی كورد لە پەرلەمانی تورکیا، ئەمڕۆ شاندێکی دەنێرێتە دورگەی ئیمراڵی و سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکات. 

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا لە ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆ..جەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە.کە.کە) بکات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی خراونەتەڕوو، ئەندامانی شاندەکە پێکدێن لە گوڵستان کڵیچ کۆچیگت ئەندامی فراکسیۆنی دەمپارتی و فەتی یەڵدز لە مەهەپە و حسێن یامان لە ئاکاپە.

لای خۆشییەوە ڕۆژنامەی تورکیا ئاماژەی بەوەکردوە، کە شاندەکە لەڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە دەچنە ئیمراڵی.

رۆژی هەینی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە ١٨ـەمین کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی خوشک-برایەتی و دیموکراسیی و یەکگرتنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری لەسەر سەردانیکردنی ئیمراڵی درا، بەمەبەستی گفتۆگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا.

جەهەپە کە ١١ نوێنەری لەناو کۆمسیۆنەکەدا هەیە، کۆبوونەوەکەیان جێهێشت و ڕەتیان کردەوە ئەندامیان بنێرن بۆ ئیمراڵی، دواتر دەنگدان کراوە و ٣٢ دەنگی بەڵێ و ٢ دەنگی نەخێر و ٣ دەنگی پووچەڵ دراوە لەسەر بڕیارەکە. 


ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی ڕابردودا، پەکەکە هێزەکانی لە ناوچەی زاب کشانەوە هەروەها، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، لە بناری قەندیل پارتی کرێکارانی پەکەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی رۆژنامەنوسان بڵاویکردەوە کە هێزەکانی خۆی لە سنوورەکانی تورکیا دەکشێنێتەوە و وتی" هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکە نا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە قەندیل، ڕاگەیاندراوی هەنگاوە مێژووییەکە خوێندرایەوە."

هەروەها، ساڵی ١٩٩٩عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە وڵاتی کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیل دەستگیر کرا، ساڵانە لایەنگرانی پەکەکە خۆپیشاندان دەکەن و داوا دەکەن ڕێبەرەکەیان ئازاد بکرێت.  





PM:12:33:24/11/2025