ئەمڕۆ، نوسەر و ڕۆماننوس، شێرزاد حەسەن، لە گەڕەکی ئەقاری سلێمانی ئۆتۆمبێل لێیداوە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیە.
دوو شەممە، ٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە نەخۆشخانەی شارەوە ڕاگەیاندرا، کە شێرزاد حەسەن، نوسەر و ڕۆشنبیر، بە هۆی لیدانی توندەوە بە ئۆتۆمبێل، مێشکی دووچاری شڵەقان بوە، بە هۆیەوە خوێن بەربونێکی کەم لە مێشکیدا ڕویداوە، شوفێرەکەش لە لایەن پۆلیسی نەخۆشخانەکەوە ڕێکاری لەگەڵدا گیراوەتەبەر.
کارگێری نەخۆشخانەی شار ڕایگەیاند "ئێستا ناوبراو توانای قسەکردنی هەیە، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەی ئێمە لە دۆخی هۆشداری تەواوداین، لەچەند کاتژمێری داهاتوو دووبارە تیشکی مێشکی بۆ دەگرینەوه، بۆ زانینی دۆخی خوێنبەربوونەکە".
شێرزاد حەسەن، لە ساڵی ١٩٥١ یان ١٩٥٢ لە گەڕەکی خانەقای هەولێر لە دایکبوە و جگە لە نوسین بەرگریکاری مافەکانی منداڵ و ژن و پەروەردە و ژینگەیە.