هەزار نەمام لە پارێزگای کەرکوک چێندران، ئەم پرۆژەیە بە سەرپەرشتی پارێزگاری کەرکوک، ڕێبوار تەها بەڕێوەچوو، لەسەر ڕێگای پشتێنەی شارەکە.
دوو شەممە، ٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ڕێبوار تەها، پارێزگاری شاری کەرکوک، لە کاتی پرۆژەی نەمام چاندندا بۆ میدیاکان قسەی کرد و باسی پلانی سەوزکردنی شارەکەی کرد و ووتی "پلانمان هەیە بەردەوام بین لە سەوزکردنی شارەکە بە درێژایی ٢٧ کیلۆمەتر، ڕێگەی پشتێنەی نەمام بچێنین و پرۆژە گەورەکەی پشتێنەی سەوز دەست پێبکەین".
پارزێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند "بەڵێن دەدەین کەرکوک بکەینە پاکترین شاری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦، ئێمە درەختێک ناچێنین کە ئاوی بۆ دابین نەکرێت، بەڵکو دەبێت سیستمی ڕێک و پێکی هەبێت بۆ گەشەکردن".
بە پێی زانیاریەکان ئەو پشتێنە سەوزەی پارێزگاری کەرکوک بەڵینی داوە، پانیەکەی پێنج مەترە و درێژیەکەی "هەزاران" مەترە و لە شۆراوەوە دەست پێدەکات، کۆمپانیاکانی نەوت بەڵینیان داوە هاوکاری ئیدارەی کەرکوک بکەن لە پرۆژەکەدا.