وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە، دەتوانن سکاڵا تۆماربکەن

وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت "هەموو کرێکارێکی کەرتی تایبەت دەبێت دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ بکرێ، ئێمە لیژنەی بەدواداچوونمان هەیە".

دوو شەممە،  ٢٤ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ئەگەر شوێنێک دەستبەری بۆ کرێکارانی نەکردبێت، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەڵام زۆرجار دەکرێ ئاگاداری هەموو شوێنێک نەبین، بۆیە هەر کرێکارێک دەستەبەری بۆ نەکراوە و مافی خوراوە، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکات کە ژمارەکەی  ٥٥٠٠، یان لە دادگای کار سکاڵا تۆمار بکات".

"بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران نابێت کرێی کرێکاران لە ٤٥٠هەزار دینار کەمتر بێ، بەڵام دەکرێت کۆمپانیاکان گرێبەستیان کردبێت، تاوەکو گرێبەستەکە تەواو دەبێت، بڕیارە نوێیەکە جێبەجێ ناکرێت"، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی وادەڵیت.
 
٣ ئابی ٢٠٢٥، بڕیارێک بە ناوسراو لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچوو کە تیایدا هاتبوو "کەمترین کرێی کرێکارانی ناکارامە نابێت لە ٤٥٠ هەزار دینار کەمتربێت، ئەوانەش کە بە رۆژانە کاردەکەن نابێت کرێی رۆژانەیان لە١٥ هەزار دینار کەمتر بێت".




PM:05:37:24/11/2025