فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "ئەگەر کۆمیسیۆن بیەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکات، ئەوا ڕێبەر ئاپۆ بەردەنگی سەرەکییە، بەبێ بینین و وەرگرتنی بۆچوونەکانی، چارەسەری چۆن دەکەن؟".
لە چاوپێکەوتنێکی ستێرک تیڤیدا، موراد قەرەیلان، فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لەسەر گرنگی سەردانی شاندی کۆمسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا بۆ ئیمراڵی ڕایگەیاند " ئەمە بڕیارێکی بەجێ، پێویست و دروستە، لەسەر ئەم بنەمایە هەروەک بەڕێز دەوڵەت باخچەلی ڕایگەیاندوە، ئەگەر گفتوگۆ لەگەڵ بەردەنگی سەرەکیدا نەکرێت، هیچ پێشکەوتنێک لەم پرۆسەیەدا بەدی نایەت، ڕۆیشتنیان باشە و ڕۆڵی خۆی دەبێت لە پێشخستنی پرۆسەکەدا".
"بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەرەو پێش بچێت، پێویستە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی بهێنرێت، لەم چوارچێوەیەدا مافی هیوا زۆر گرنگە، بە هەمان شێوە دەبێت گەلی کورد لە یاسای کۆماری تورکیادا مافەکانی پارێزراو بێت، هەبوونی گەلی کورد دەبێت بەشێوەیەکی یاسایی بێت و لەم ڕووەوە یاسای ئێنتگراسیۆنی دیموکراتیک پەرەی پێبدرێت"، فەرماندەی هەپەگە وا دەڵێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەسەر نەچوون بۆ ئیمراڵی، موراد قەریلان ووتی " بەڕای من جەهەپە هەڵەی کرد، ئەم هەڵوێستەی جەهەپە بە زیانی خۆی دەشکێتەوە، چونکە لەم ساڵانەی دواییدا جەهەپە وێنەیەکی وەهای نیشان دا بوو، دۆستی کوردە، لایەنگری چارەسەریی، دیموکراسی و ئاشتییە، بەم هەڵوێستە ئەو دیمەنەی کە بۆ ماوەیەک نیشانی دابوو، پوچەڵیکردەوە".
لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، عەبدوڵا ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستن، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و کۆتایی بە ململانێی چەکداری بهێنن، لە ١ ئاداردا، پەکەکە بە فەرمی ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند و پابەندبونی خۆی بە بڕیارەکەی ئۆجەلان نیشاندا، لە ٥ بۆ ٧ ئایاردا، پەکەکە دوازدەهەمین کۆنگرەی بەست و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری دژی تورکیا و گواستنەوە بۆ خەباتی سیاسی و یاسایی ڕاگەیاند، لە ١١ تەموزدا، لە مەراسیمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە، بە شێوەی هێمایی کۆمەڵێک چەکداری چەکەکانیان سووتاند، کە وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی ئەژمارکرا و لە هەنگاوی دواتردا، پەکەکە با ناوی تەڤگەری ئازادی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ژمارەیەک گەریلا ئامادەبوون و ڕایانگەیاند، کە لە باکوری کوردستان و تورکیادا گەریلاکان کشاونەتەوە و بۆ درێژەدان بە هەنگاوە کرداریەکانی دیکەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا لە چەند خاڵێکی ناوچەی زاپ کشایەوە. دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا تەنها هەنگاوی پێکهێنانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی ناوە لە ٥ی ئابدا، پەرلەمانی تورکیا کۆمسیۆنێکی ٥١ ئەندامیی بە ناوی "یەکڕیزی نەتەوەیی، برایەتی، و دیموکراسی" پێکهێناوە بۆ دابینکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئێستا ئەو کۆمسیۆنە لە قۆناغی دووەمی کارەکانیدایە و ئەمڕۆ لیژنەیەک کە لە سێ ئەندامی دەم پارتی و ئاکەپە و جەهەپە پێکهاتوون، سەردانی ئیمراڵیان کردوە و لە کۆبونەوەدان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.