مەزڵوم عەبدی: لە ئیمراڵییەوە پەیاممان پێگەیشتووە


فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتی، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند" لە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئوجەلانەوە پەیاممان پێگەیشتووەو، داواکاری ئەومان پێگەیشتووە سەردانی بکەین".

رۆژی دوو شەممە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاندووە" بۆچوونی ئیمراڵیمان پێگەیشتووە و ئێمەش بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاندووە و، داواکاری لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە هەیە کە بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی ئیمراڵی بکەن".

مەزڵوم عەبدی باسی لە پڕۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان کرد و جەختی کردەوە" کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە و ئاگربەستی ئێستا لەگەڵ سوپای تورک بە سایەی ئەو پڕۆسەیە درووست بووە و ئەگەر پڕۆسەکە بگاتە ئەنجام، ئاگربەست لای ئێمە هەمیشەیی دەبێت".

ئامادەیی هەسەدەشی نیشاندا کە یارمەتیدەر بێت بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە.

مەزڵوم عەبدی شێوازو لە زاری کێوە عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی بۆ ناردوون و ناوەرۆکەکەی چیبووە، ئاشکرا نەکردووە.

ئەمڕۆش وەفدی پەرلەمانی تورکیا سەردانی ئیمرالیان کردو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە، بەپێی لێدوانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەکە " ئەرێنی " بووە، بڕیاریشە لیژنە پەرلەمانیەکە رۆژی ٢٦ ی تشرینی دووەم ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان بخەنە بەردەم لیژنە ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا.




AM:12:03:25/11/2025