پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان محەمەد کیانی دەڵێت" سەرمایەی بزوتنەوەی گۆڕان کاك نەوشیروانە. تا ئەو سەرمایە مابێت بزوتنەوەی گۆڕانیش دەمێنێ". هاوکات نموونەی مستەفای سەید قادر دەهێنێتەوەو بەیەکێک لە کۆڵەکانی گۆران وەسفی دەکات، بەڵام دەشڵێت" تێکدەری داهاتووی ئەم بزووتنەوە دەبێت".
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک د. محمەد کیانی پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆمێنتێکدا لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نەوشیروان مستەفا واز لە گۆڕان دەهێنێت، دەڵێت" تا ئێستا جێگرەوەی کاك نەوشیروان لە ناو ئەم بزووتنەوەیە دورست نەبووە، چاوەڕوانیش ناکرێت لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا ئەو جێگرەوەیە دروست ببێت".
کیانی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" هۆکار زۆرن بۆ ئەم مەسەلەیە. وجودی کاك نەوشیروانە هەموو جەمسەرەکانی گۆڕانی کۆ کردووەتەوە، لەو پەڕی چەپەوە بۆ ئەو پەڕی راست، لە ئیسلامی سیاسی بۆ علمانی. ..... زۆر شتی تر، جگە لە خۆی، ئەم ئەرکە قورسە بە دەگمەن بە کەسێک دەکرێت".
هەروەها دەڵێت" رەنگە لە داهاتودا کاک نەوشیروان بەشێک لە ئەرکەکانی بەسەر هەندێك کەسدا دابەش بکات، بەڵام ئەوەندەی دەبینم، هێشتا پێویستە زۆر لە نزیکەوە ئاگاداری هەلسوکەوت و ئەنجامدانی کارەکاینیان بێت. بۆ نمونە، مستەفای سەید قادر کە کراوەتە یەکێک لە کۆلەکە سەرەکیەکانی ئێستای گۆڕان، تێکدەری داهاتووی ئەم بزوتنەوە دەبێت، جا نازانم کاك نەوشیروان بە ئاگایە یان بێ ئاگایە لەم ڕاستییە!".
محەمەد کیانی ئامۆژگاری ئەوانە دەکات کە بیر لە دوورکەوتنەوەی نەوشیروان مستافا دەکەنەوەو دەڵێت" ئەوانەی بیر لە دورکەوتنەوەی کاك نەوشیروان دەکەنەوە لە سەروی ستراکتۆر و قەراری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دینامیکیەتی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان، تێنەگەیشتوون و خەیاڵێکی ناتەندورست لە گۆڕان دەکەنەوە، هەر کەسە و بە مەرامێک! بۆیە، لە داهاتووی نزیکدا بێ کاك نەوشیروان بزوتنەوەی گۆڕان بوونی زۆر شلۆق و نادیارە".
محەمەد کیانی کە لەئەوروپا دەژیا وەک سیاسییەک لەسەر ئاستی کوردستان نەدەناسرا، پاش درووستبوونی گۆڕان، لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ی پەرلەمانی عێراقدا بەدەنگی گۆڕان بوو بەپەرلەمانتار، دوای تەوابوونی خولی پەرلەمانی لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا یەکسەر دەستی لە بزووتنەوەی گۆڕان کێشایەوە.