بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت "لە شەڵتەرە کاتییەکاندا ژن بۆ ماوەی ٧٢ کاژێر دەمێنێتەوە، ئەگەر کێشەکەی لەگەڵ خێزانەکەی چارەسەر نەکرا، ئەوە دەگوازرێتەوە بۆ شەڵتەرەکانی دیکە، ئەگەر چارەسەریش کرا ئەوە دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی".
دوو شەممە، ٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان، زانیاری لە بارەی شەڵتەرەکانی ژنان خستەڕوو، ڕایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان پێنج شەڵتەر هەیە، سێ لەوان شەڵتەری بەردەوامن لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، دوو شەڵتەری کاتیش هەیە، لە هەر پێنج شەڵتەرەکەدا ٩٧ ژن هەیە".
" ئێستا ١٦ منداڵ لەگەڵ دایکیان لە شەڵتەرەکانی هەرێمی کوردستاندان، هەندێ ژن هەن منداڵی خوار ٦ ساڵیان لەگەڵدایە"، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی وا دەڵێت.
دروشمی ئەم ساڵ بۆ هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بریتیە لە "کوتاییهێنانی تووندوتیژی دیجیتاڵی دژی کچان و ژنان"، هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان، کە بە١٦ رۆژی پرتەقاڵی ناودەبرێت، لە ٢٥ تشرینی دووەمەوە دەست پێدەکات تا ١٠ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت.