وەزیری پەروەردە: بە هیچ جۆرێک بابەتی سزادان لە ئارادا نییە

‌ئالان حەمەسەعید- وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی بڵاوبونەوەی دیمەنی خوێندکارێک لە لاسایی مامۆستاکەی دەکاتەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی" بە هیچ جۆرێک بابەتی سزادان لە ئارادا نەبووە".

دوو شەممە، ٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، ئالان  حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئەو قوتابییە سەر بە خوێندنی کوردییە و سزادان لە ئاراد نییە، وە ئەرکی وەزارەتی پەروەردە سزادان نییە، بەڵکو ڕێنمایی و ئامۆژگارییە، ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە پاراستینی شکۆی مامۆستایە".
 
چەند ڕۆژێکە دیمەنی خوێندکارێکی پۆلی شەشی بنەڕەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە کە لاسایی مامۆستاکەی دەکاتەوە، بڵاوبونەوەی ئەو دیمەنە کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە هاوڵاتیان بە کارێکی ئاساییان زانی و بەشێکی دیکەش بە پێچەوانەوە و پێیان وابوو سوکایەتیە بە مامۆستا، وە باسکردن لەوەی کە ئەو منداڵە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە سزادەدرێت کاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا، دایكی ئەو خوێندکارەش ڕایگەیاندوە "چونەتە قوتابخانەکە و داوای لێبوردنیان لە مامۆستاکان و بەڕێوبەری قوتابخانەکە کردوە، هۆکاری دیمەنەکەش بۆ ئەوە بوە کچەکەیان حەزی لە نواندنە و لەو کاتەدا میوانیان هەبوە کە ئەو دیمەنەی تۆمارکردوە".




PM:04:51:25/11/2025