یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق راگەیاند

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" هیچ حكومەتێكی سەركەوتوو بەبێ یەكێتی پێكنایەت و دەشڵێت" پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق حەقی یەكێتی نیشمانییە و كاندیدمان دەبێت بۆی" .

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، كە تیایدا گفتوگۆ لەبارەی هەر سێ تەوەری (هەڵبژاردن، پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی فیدڕاڵی) کرا.

ڕاشیگەیاند" لەو کارنامەیەی حکومەت، کە لەگەڵ پارتی دامانڕشتووە و نزیکبووینەتەوە لە کۆتایی و پەشیمان نەبووینەتەوە و چاوەڕِوانیمان ئەوەیە لایەنەکانی دیکەش پەشیمان نەبووبێتنەوە و بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە بۆ ئەوەی بە زوویی دانوستانەکان دەستپێبکەینەوە و حکومەت پێکبهێنین".

وتیشی" داوای لێبوردن دەکەین کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بووبینە هۆی بێزارکردن و ئەرک و ماندووبوونی هاووڵاتییان و یەکێتی بەجدی کاردەکات بۆ قۆناغی خۆسازدانەوە و پەیکەربەندی حزب لەسەر بنەمای سزا و پاداشت".

وتەبێژی یەكێتی دەشڵێت" هیچ حکومەتێکی سەرکەوتوو بەبێ یەکێتی پێکنایەت".

وتیشی"  پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق حەقی یەكێتیی نیشمانییە و كاندیدمان دەبێت بۆی، تائێستا مەكتەبی سیاسی بڕیاری لە كاندیدەكە نەداوە".

بە وتەی کاروان گەزنەیی، یەكێتی هیوادارە هەموو لایەنە كوردستانییەكان بگەنە وەرەقەیەكی دانوستانی هاوبەش، بۆئەوەی لە بەغداد بە یەك دەنگ شەڕی مافە دەستورییەكان بكەین.

ئاماژەی بەوەشدا، یەكێتیی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، لە دوو ساڵی رابردوودا سێ هەڵبژاردن كراوە، لە هەرسێ هەڵبژاردنەكەدا ركابەرەكانمان دەنگ و كورسییان كەمیكردووە و هی یەکێتی زیادی کردووە.




PM:07:19:25/11/2025