کەرکوک.. سێ خوشک و برا لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا

لە ناوچەی ئەلڕەشاد، لە باشووری پارێزگای کەرکوک، سێ منداڵی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و دایک و باوکیان برینداربوون.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە،سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هاتووچۆی کەرکوک ڕایگەیاند" ڕووداوێکی هاتووچۆ لەسەر ڕێگای بەیەکەوەگرتنی شارەکانی کەرکوک و تکریت لە سنووری پارێزگاکە ڕوویداوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "ڕووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی سەرنشین لە نزیک ناوچەی حەجاج بووە، کە بەهۆیەوە پێنج کەس برینداربوون، دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی کەرکوک بۆ چارەسەرکردن لەلایەن تیمەکانی ئەمبولانسەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، سێ منداڵ کە ئەندامانی یەک خێزانن بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد کە هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکە خێرایی بەرز و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بووە.




PM:08:09:25/11/2025