بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی ئاشکرای کرد کە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان.
شەوی سێشەممە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ عەقید بەهمەن ئەحمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی ناوشاری سلێمانی ڕایگەیاند" تاوەکو ئێستا هیچ نووسراو یان بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان.
وتیشی" بە گوێرەی بڕیارەکانی پێشتری هاتووچۆی سلێمانی لە ئێستادا تەنها لە حاڵەتێکدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا دەگیرێت و سزا دەدرێت، کە سەرپێچی رێنماییەکانی کردبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە باس لەوەدەکرێت، کە بۆ جارێکی دیکە سزای ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەستپێدەکاتەوە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت، بەهۆی سەرپێچی و پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکانی هاتووچۆ.
هەر ئەمڕۆش عەقید نەوشیروان حەمەئەمین، ئەفسەر لە هاتوچۆی ناوشاری سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ ترافیک ئێف ئێم ڕایگەیاند " ئهوانهی گوێ بهیاسا نادهن و بهردهوام یاساشكێنی دهكهن ڕێكاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێسهرهتا لە سزادان دهربازی نابێت، بههۆی ههندێك بارودۆخهوه نهمانویستووه ئهو ڕێكارانە بگرینهبهر، بهڵام هەندێك حاڵەت وایكردووه بیر لهوه بكهینهوهو بگهینه ئهو بڕیارهی دهبێت ڕێكاری توند لهدژیان بگرینهبهر".
ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لە هەرێمی کوردستاندا ئەوانەن کە بە شێوەی یاسایی هاوردە نەکراون، وتۆماری فەرمی و تابلۆیان نییە.