تولای هاتیموگولاری: دیدگای ئۆجەلان کلیلی پرۆسەی ئاشتی دەبێت

هاوسەرۆکی پارتی یەكسانی و دیموكراسی جەختی لەوە کردەوە کە دیداری لیژنەكەی پەرلەمان لەگەڵ ئۆجەلان زۆر بەبایەخ بووە و وتیشی" دیدگای ئۆجەلان کلیلی پرۆسەی ئاشتی دەبێت بەتایبەت لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا".

تولای هاتیموگولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەكسانی و دیموكراسی لە میانی کۆبونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتەکەیدا، هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو دیدارە كرد کە لەلایەن لیژنەی هاوپشتی و برایەتی و دیموکراسی نیشتمانی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی بەڕێوەچوو و وتی" لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی دیدارێکی زۆر بەبایەخیان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجامداوە".

بە وتەی تولای هاتیموگولاری، نوێنەرەکەیان کە گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، بەشێک بوو لەم شاندە،  دیدارێكی بونیادنەر و هەمەلایەنە و هیوابەخش بووە، تیشکی خستووەتە سەر پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لە تورکیا. 

وتیشی" ئەم دیدارە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، دەرگای ئاشتی و برایەتی کردەوە کە لەمێژبوو چاوەڕوان دەکرا لە تورکیادا، ناكرێت ئەم کۆبونەوەیە تەنها بەدانیشتنێکی گوێگرتن و پەیوەندیکردن بزانرێت، بەڵکو پردێکە بۆ گفتوگۆ کە رەنگە روخساری ئایندەی هاوبەشی گەلان بنەخشێنێت، بێ گومان سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەکە زانیاری پێویست سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە هاوبەش دەکەن". 

"گومانمان نییە لەوەی ئۆجەلان جارێکی دیکە بە روونی پابەندبونی خۆی بە پتەوکردنی هاوپەیمانی تورکیاو کوردو زەمینەی هاوبەش بۆ هەموو گەلان و بەردەوامکردنی هەلومەرجی بێ ململانێ و هەوڵدان بۆ چارەسەری دیموکراسی نیشانداوە، بەڕێز ئۆجەلان، دیدگایەکی پێشکەش کردووە کە کلیلی پرۆسەی ئاشتی دەبێت، بەتایبەتی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بۆ ئایندەی تورکیا بنەڕەتییە."( تولای هاتیموگولاری،وای وت).




PM:11:41:25/11/2025