مەسرور بارزانی: بەڵێن دراوە بە زووترین کات مووچەی مانگی ٩ ی هەرێم لە بەغداوە بنێردرێت
مەسرور بارزانی لە نوێترین لێدوانیدا لە بارەی مووچە و دۆخی کوردستانەوە وتی " بەڵێن دراوە بە زووترین کات مووچەی مانگی ٩ ی هەرێم لە بەغداوە بنێردرێت".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دوا نیوەڕۆی چوار شەممە ١٧ ی تشرینی دووەم لە درێژەی قسەکانیدا بۆ میدیایەکی نزیک پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند" هیچ پاساوێک نییە بۆ دواکەوتنی مووچە و هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە".
هەروەها وتیشی" ئێمە تەنها کێشەی مانگێکی مووچەمان لەگەڵ بەغدادا نییە، لە بەغدا مووچەی مانگی ١١ دابەشدەکرێت، هێشتا مووچەی مانگی ٩ ی هەرێمیان نە ناردووە".
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکی حکومەت وتی "هەوڵی زۆرمان دا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، ئەوکات مرونەت و هەلی زیاتر لەپێش بوو، بەڵام لایەنەکانی دیکە وایان پێ خۆشبوو بابەتەکە دوابخرێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
مووچەخۆرانی حکومەتی فیدراڵ لەمڕۆوە مووچەی مانگی کانوونی یەکەم وەردەگرن، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی ئەیلولیان وەرنەگرتووە.
PM:04:15:26/11/2025