دەزگای راگەیاندنی " کازیووە " کە پلاتفۆرمێکی سۆسیال میدیایە، رایگەیاند " کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی کازیوە میدیا، لە ڕۆژی ٢٥ـی 11ـی 2025، لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەوە بێ سەر و شوێنە".
لە راگەیەندراوێکدا کە دەزگای کازیوە میدیا بڵاویکردۆتەوە، تیایدا هاتووە " بە نیگەرانی زۆرەوە ئاگادارتان دەکەینەوە کە کاروان کەلاری، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی کازیوە میدیا، لە ڕۆژی ٢٥ـی 11ـی ٢٠٢٥، لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەوە بێ سەر و شوێنە، کازیوە میدیا و خانەوادەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێن یان دۆخی تەندروستی نییە".
هەروەها لە راگەیاندنەکەدا داوا لە هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە دەکات" دەستبەجێ دەست بە گەڕان و لێکۆڵینەوە بکەن و پاراستنی گیان و سەلامەتی کاروان کەلاری دەخەینە ئەستۆیان، ئێمە لە کازیوە میدیا هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیاییەکان لەم دۆخە ئاگادار دەکەینەوە".
تا ئێستا دیار نییە ئەم رۆژنامەنووسە ماوەی شەو رۆژێکە بە چ هۆکارێک " بێ سەرو شوێنە "، هێزە ئەمەنییەکانیش هیچ زانیارییەکان لەو بارەیەوە بڵاونەکردۆتەوە.
کازیووە میدیا دەزگایەکی راگەیاندنە لە شێوەی پلاتفۆرمی سۆسیال میدیا و بەڕێوەبەرەکەیان خەڵکی گەرمیانە، میدیاکە نزیک پارتی دیموکراتی کوردستانە.
کازیوە میدیا
٢٦/١١/٢٠٢٥