لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وردەکاری سەرژمێری هاوڵاتیانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە دەرئەنجامی گرنگ دەرکەوتووە، لە نێویاندا رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە ناوچەکانی تری عێراق.
بەپێی راگەیاندنەکەی وەزارەتی پلاندانان لە هەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری١٤.٧٩٪ یە و لە عێراق ڕێژەکەی ۱٣.٤٨٪ یە، دهۆکیش زۆرترین رێژی بێکاری تۆمار کردووە کە گەیشتووەتە ١٧.٥٪.
لە پارێزگای هەولێر رێژەی بێکاری ١٤.٧٪ یە، لە سلێمانی کەمترینە بە ۱٣.٦٪ .
بەپێی راپۆرتەکە رێژەی هەژاری لە ناوچەکانی عێراق زیاترە لە هەرێمی کوردستان، تێکڕای ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان ٨.٦٪ تۆمار کراوە کە زۆر کەمترە لە چاو تێکڕای هەژاری لە عێراق کە ڕێژەکەی لە ١٧.٥٪ بووە.
لەمبارەیە، دهۆک پلەی یەکەمی گرتووە بە ڕێژەی ۱٤.٨٪. لە سلێمانی ڕێژەی هەژاری ٧.٩٪ بووە و لە هەولێریش کەمترین ڕێژەی هەژاری تۆمار کراوە کە ٥.٩٪ بووە.
دەربارەی تێکڕای خەرجیی مانگانەی خێزان، دهۆک زۆرترین خەرجیی هەیە کە یەک ملیۆن و ۹۱٣ هەزار دینارە، هەولێر بە یەک ملیۆن و ٥۱۱ هەزار دینار لە پلەی دووەمدایە، سلێمانی بە یەک ملیۆن و ۲۷٥ هەزار دینار کەمترین خەرجیی هەیە.
تێکڕای خەرجیی مانگانەی خانەوادە لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٤۱۱ هەزار و ٤۹٤ دینارە، کە نزیکە لە تێکڕای عێراق کە یەک ملیۆن و ٤٣٤ هەزار دینارە.
رۆژی چوارشەممە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا سەرژمێری دانیشتوانی عێراقی بە وردەکاری زۆر گرنگەوە بڵاوکردەوە.
.
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند "بەپێی سەرژمێرییەكە خێزانەكانی عێراق ژمارەیان هەشت ملیۆن و ٥٤ هەزار و ٣٨٥ خێزانە، ژمارەی گشتی دانیشتوانی عێراقیش بەغەیرە عێراقییەكانەوە كە نیشتەجێی عێراقن گەیشتوەتە ٤٦ ملیۆن و ١١٨ هەزار و ٧٩٣ كەس، ژمارەی بیانییەكانی ناو عێراقیش ٣٤٠ هەزار و ١٣١ كەسن''.