وەزارەتی کارەبا ڕایدەگەیەنێت " بەهۆی چاککردنەوە لە تۆڕی کارەبا لەچەند مانگی داهاتوودا، دەکرێت بەشێک لە هاوڵاتیان بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبایان بپچڕێت، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی".
چوار شەممە، ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریەکی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "کاری چاککردنەوەی پێویست بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت بۆ تۆڕی کارەبا کە سوودی دەبێت لە باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبای نیشتیمانی. لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانی سازدانی تۆڕی کارەبا لەلایەن تیمەکانی چاککردنەوە، دەکرێت بۆ ماوەیەکی کاتی کارەبا بپچڕێت، لەکاتی هەر پچڕانێکی کارەبا، هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانە سەرەکییەکان بەردەوام دەبن لەکارکردن و تیمەکان کاردەکەن بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بەزووترین کات".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "لەکاتی ڕوودانی هەر پچڕانێکی پلان بۆ داڕێژڕاو، وەزارەتی کارەبا پێشوەختە هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە. بۆیە وەزارەتی کارەبا هانی هاووڵاتیان دەدات کە خۆیان تۆماربکەن لە پڕۆژەی ڕووناکی بۆ ئەوەی کورتەنامەی ئاگادارییان پێبگات".