بافڵ تاڵەبانی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆری خستە ئەستۆی
میلیشیاکان و ڕایگەیاند،" چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو
میلیشیایانەی کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان
لەناوببرێن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ڕایگەیاند" هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جێگای قبوڵ نییە و
بە توندترین شێوە ئیدانەی دەکەین. ئامانجی هێرشەکە زیانگەیاندنە بە گوزەرانی
هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و تێکدانی سەقامگیری وڵاتەکەمان."
ئاشکراشی کرد کە وەڵامدانەوەمان بۆ ئەم هێرشە یەکلاکەرەوە و تووند
دەبێت و هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دەگرینەبەر.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی" چەک تەنها دەبێت بەدەست دەوڵەتەوە بێت. ئەو
میلیشیایانە کە لە دەرەوەی سەروەری یاسا کاردەکەن یان دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە یان
لەناوببرێن".
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، شەوی ڕابردوو لەلایەن
"فڕۆکەی بێفڕۆکەوان"ەوە هێرشی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شاری چەمچەماڵ کرا،
و بەهۆیەوە ئاگر لە یەکێک لە کێڵگەکان کەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە،
هاوکات کێڵگەکە زیانی ماددی بەرکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و
کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕووداوە بووە هۆی وەستاندنی پێدانی غاز بۆ وێستگەکانی
کارەبا و هاوکات هاوڵاتیانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان لە دوێنێشەوەوە کارەبایان
نەما.
هێرشەکە دوای چەند ڕۆژێک لە نزیکبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی
نەناسراو ڕوویداوە کە بووەتە هۆی باری ئامادەباشی لە ناوچەکە، هاوکات تیمە تەکنیکی
و لێکۆڵینەوەکان لە ئێستادا لە شوێنەکەدان بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و گەڕانەوەی بۆ
باری ئاسایی خۆی.