بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی کە (سپی میدیا) لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستیکەوتووە، کێڵگەکە زیانێکی زۆری بەر کەوتووە و تا ٧٢ کاتژمێری داهاتوو پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاسایی نابێتەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە نسبەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ٤٠٠٠ مگاباتەوە بەهۆی هێرشەکە گەیشتووەتە ١٢٠٠ مگابات و بەمەش هەر ناوچەیەی هەرێمی کوردستان لەرووی تەکنیکییەوە ٤ تا ٥ کاتژمێر کارەبای دەتوانێت هەبێت و تا ئێستاش ٨٠٪ کارەبای هەرێم بڕاوە.
سەرچاوەکە بە ( سپی) راگەیاند" هێرشەکە بە دوو مووشەک بووە و یەکێکیان ئامانجەکەی پێکاوە و بە هۆیەوە ٢ کارمەندی کێڵگەکە بەسوکی برینداربوون".
جەختی لەوەشکردەوە کە لە شەوی سێشەممە ٢٥ی مانگەوە درۆن بەسەر کێڵگەکەدا سووڕاوەتەوە و کەشفی کردووە و دواتر شەوی رابردوو بە مووشەک هێرشی کراوەتەوە سەر.
کۆرمۆر کێڵگەیەکی گازی سروشتی ئازادە، لە ناحیەی قادرکەرم لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی عێراق.درێژی کێڵگەکە ٣٣ کیلۆمەتر و پانییەکەی ٤ کیلۆمەترە. لە ساڵی ١٩٢٨ یان ١٩٣٠ دۆزرایەوەتا ساڵی ٢٠٠٣ پێی دەگوترا کێڵگەی ئەنفالشوێنەکەی لە ناوچەیەکی بەرزدایە.لە ساڵی ٢٠٢٢، یەدەگی کێڵگەکە ٨ تریلیۆن و ٢٠٠ ملیار پێی سێجا بووە، و بەرھەمھێنانی ڕۆژانەی غازی سروشتی ٤٥٢ ملیۆن مەتر سێجا بووە، و بەرھەمھێنانی ڕۆژانەی غازی چڕ ٢٢ ھەزار بەرمیل بووە، کە بە تانکەر دەگوازرێتەوە و تێکەڵ بە نەوتی ھەناردەکراو بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت. بەرھەمی ڕۆژانەی غازی شل ١٠٥٠ تەنە.یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە گازییەکانی ھەرێمی کوردستان، و بۆ دابینکردنی کارەبا و دابینکردنی غازی چێشت لێنان و گەرمکەرەوە بۆ دانیشتووان بەکاردێت.