بارەگای بارزانی لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردووی کۆرمۆر هاتە دەنگ و بە توندی ئیدانە دەکات و دەڵێت'' ئەو هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتییانە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم، بارەگای بارزانی، بڵاویکردەوە'' زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر. ئەو هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتییانە."
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری ئەوەی کە پێشتریش ئەو جۆرە هێرشە ناڕەوایانەی سەر هەرێم زۆرجار ئیدانە کراون، بەڵام تەنیا ئیدانە بووە و لەبەرانبەر ئەنجامدەراندا هیچ ئیجرائاتێک نەکراوە و ئەو هێرشانە دووبارە بوونەتەوە."
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوەكەیدا، دەڵێت'' کاتی ئەوە هاتووە کە لەبەرانبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی و عەمەلی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن."