سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بە هەوڵێکی شکستخواردوو ناوی دەبات.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق پێنجشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە'' هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری تاوانێکی قێزەونە و هەوڵێکی شکستخواردووە بۆ بەئامانجگرتنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی لە وڵاتدا بەدیهاتووە.''
سەرۆکایەتیی کۆمار جەختیشی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و جددی بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری و ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە کردەوە و داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد ڕیزەکانیان یەکبخەن و پێکەوە کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکەن، تاوەکو رێگە لە هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی تووندوتیژی و پشێوی بگیرێت.