هۆشیار زێباری: هێرشەکەی سەر کۆرمۆر لە دوزخورماتوەوە ئەنجامدراوە

ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشکرایدەکات، هێرشەكەی دوێنێی گروپە میلیشیاوییەكان بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر لە سلێمانی، بە موشەکی گراد ئەنجامدراوە، کە لە میحوەری دوزخورماتووەوە هەڵدرابوون، بە ئامانجی تێکدانی ئابوری و ژێرخانی هەرێم.

هۆشیار زێباری، لە پێگەی " ئێکس” بڵاویکردەوە” ئێستا حکومەتی بەڕێز سودانی دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و تاوانباران سزا بدات و چانسی بەدەستهێنانەوەی خولی دووەمی بەهێزتر بکات.” 

وتیشی” پێشوازی لە لێدوانی مارک ساڤایا نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لە عێراق دەكەین، لەبارەی  هێرشە تیرۆریستیەكەی سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر، ئەمریکا نزیکەی نیو ملیار دۆلاری لەم كێڵگەیەدا وەبەرهێناوە بۆ پشتگیریکردن لە ئاسایشی وزە، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکی و ئیماراتیەکان كە لەلایەن هەندێک لە میلیشیاکانەوە کراوەتە ئامانج.” 

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو ٢٦ ی تشرینی دووەم هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و زیانێکی زۆری بەرکەوتەوە.




PM:08:28:27/11/2025