باڵیۆزخانەی ئەمریکا: دەبێت دەستبەجێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆرستیەکە بکرێت


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و کردەوەکە بە تیرۆرستی ناودەبات و داوا دەکات حکومەتی عێراق ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر.

پێنج شەممە، ٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، باڵیۆزخانەی ئەمریکا هەڵوێستی خۆی بۆ هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕاگەیاند، و لە ڕاگەیاندراوێکدا هاتوە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تووندی هێرشی تیرۆریستیی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سلێمانی مەحکوم دەکات، ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشەکانی دیکەی عێراقیدا هاوڕاین لە داواکردن لە حکومەتی عێراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی دەستبەجێ بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە".

هەروەها لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "ئێمە ئامادەین پشتیوانی بکەین لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە گرنگە، و بە بەردەوامی جەخت لەسەر گرنگیی سەپاندنی سەروەری عێراق دەکەینەوە لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێکدانی، و دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو چەکەکان، بەتایبەتی درۆن و مووشەک و رۆکێتەکان، دەخرێنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە".

شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردومان کرا، بۆردومانەکە بوە هۆی پەکەوتنی بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگە و کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات بەدوای خۆیدا هێنا و هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا، سەرکۆنەی هێرشەکان کرد و دوای سزادانی بکەرانیان کرد.




PM:10:18:27/11/2025