وەزارەتی ناوخۆ: هێرشەکەی دوێنێ شەو دەرئەنجامی بێ ڕێوشوێنیە لە هێرشەکانی ڕابردوو



وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت "هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو".

پێنج شەممە، ٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حکومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرامبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەو هێرشانە دەکات کە لە ناوەڕاستی ئەم ساڵدا کراونەتە سەر کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی لیژنە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پێکهاتوە و  بەڵگەی تەواو نێردراون بۆ حکومەتی فیدراڵ، بەڵام تا ئێستا بێ هەڵوێست بوون و ڕێکاری پێویست نەگیراوەتە بەر. 

لە کۆتای ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتوە " هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرامبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و ئابوورییەکانی، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا".

کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بە هۆیەوە یەکێک لە کۆگاکانی گازی کێلگەکە گڕی گرت تا کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی ڕۆژی دواتر کۆنترۆڵکرا، بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگەکەدا وەستاوە  و لە ٨٠٪ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوون. 




PM:10:59:27/11/2025