بڕیارە سبەی شاندێکی ئەمنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکەن، و لێکۆڵینەوەش لە لایەن لیژنەیەکی ڕاسپێردراوی حکومەتی کاربەڕێکاری عێراقەوە دەست پێ بکات.
پێنج شەممە، ٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بڕیارە سبەی هەینی، شاندێکی باڵای ئەمنی لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بکەن، ئەم لیژنەیە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری حکومەتی عێراق، محەمەد شیاع سودانیەوە دوای کۆبونەوە ئەمنیەکەی ئەمڕۆ ئەنجامیدا ڕاسپێردراون.
بە پێی زانیارییەکان ئامانج لە سەردانەکە، دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرە بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان.
کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بە هۆیەوە یەکێک لە کۆگاکانی گازی کێلگەکە گڕی گرت تا کاتژمێر ٩:٠٠ بەیانی ڕۆژی دواتر کۆنترۆڵکرا، بەرهەم هێنانی گاز لە کێڵگەکەدا وەستاوە و لە ٨٠٪ خەڵکی هەرێمی کوردستان بێ کارەبا بوون.